PM:11:01:26/06/2025
132 جار خوێندراوەتەوە
+
-
براد پیت سەرسامی خۆی بۆ ئاستی مێسی دەربڕی و پێیوایە
لیۆ یاریزانێکی سەرسوڕهێنەرە.
براد پیت کە یەکێکە لە بەناوبانگترین ئەکتەرە پیاوەکانی
مێژووی سینەما و هۆلیوود و براوەی دوو خەڵاتی ئۆسکارە، لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا
لەگەڵ چەناڵی یوتیوبی لادبیبڵ ئینتەرتەینمێنت ستایشی ئاستی لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی
و هێرشبەری یانەی ئینتەر میامی ئەمریکی کرد.
سوپەرستارە 61 ساڵانەکەی هۆلیوود لە چاوپێکەوتنەکەیدا سەبارەت
بە ئەستێرە ئەرجەنتینییەکەی تۆپی پێ رایگەیاند، لیۆ مرۆڤێکی سەرسوڕهێنەرە و ئەگەر
لە شوێنێکی گشتیدا بیبینێت دەڕوات وێنەی لەگەڵ دەگرێت.
براد پیت وتیشی: من بینەرێکی زۆر جددی تۆپی پێ نیم،
بەڵام دەزانم مێسی یاریزانێکی سەرسوڕهێنەرە و ماوەیەکی زۆر لە لوتکەی تۆپی پێدا
ماوەتەوە، ماوەیەک پێش ئێستاش لە یاری ئینتەر میامی و پۆرتۆ ئامادەبووم و ئاستی ئەو
یاریزانە سەرسامی کردم.
لەگەڵ چوونی بۆ خولی ئەمریکا چەندین کەسایەتی گەورەی ئەو
وڵاتە سەرسامی خۆیان بۆ ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە دەربڕیووە کە دواهەمینیان براد پیتی
گەورە ئەکتەری ئەو وڵاتەیە.
هەروەها لیۆ لە ماوەی رابردوو رایگەیاند، لەگەڵ چوونی بۆ
ئەمریکا لەگەڵ منداڵەکانی بینەری فیلمە سوپەر هێرۆکانی هۆلیوود بووە و بیرۆکەی
ئەوەشی بۆ هاتووە لەگەڵ تۆمارکردنی گۆڵ وەک کارەکتەری نێو ئەو فیلمانە ئاهەنگ
بگێڕێت.