مارێسکا: مۆندیالی یانەکان بەهێزە

PM:01:11:25/06/2025

108 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مارێسکا دوپاتیکردەوە مۆندیالی یانەکان بەهێزە و ئامانجیان ئەوەیە بگەنە قۆناغی چارەکی کۆتایی.

پاش بردنەوەیان لە تەرەجی تونسی و سەرکەوتنیان بۆ قۆناغی 16ی مۆندیالی یانەکان، ئینزۆ مارێسکای راهێنەری چێڵسی رایگەیاند، شکستپێهێنانی هێڵی بەرگری یانەی بەرامبەریان ئاسان نەبووە، تیپەکەی یارییەکی زۆر باشیان ئەنجامداوە و لە ئاستی یاریزانەکانیشی رازییە.

سەبارەت بە سیستەمی بە نۆرە یاریکردنیش وتی: ناتوانیت لەم بارودۆخانەدا سێ ڕۆژ جارێک یاری بە یاریزانەکان بکەیت بەبێ ئەو سیستەمە، ئەو یاریزانانەی یارییان کردووە باش بوون و ئێمە پشوومان بە موی، ترێڤۆ، لیڤی، کۆکۆ، کۆل، پێدرۆ و چەند یاریزانێکی دیکە دا، گرنگە وزەی تیپەکە بگەڕێنینەوە و ئامادەبین بۆ بردنەوەی یاری داهاتوو.

باسی لەوەشکرد، سەرکەوتنیان بۆ قۆناغی 16 گرنگە چونکە چەندین تیپی بەهێز لە پاڵەوانێتییەکەدا بوونی هەیە، دەرکرانی یانەیەکی بەهێزی وەک ئەتلەتیکۆش کە کێبڕکێی چامپیۆنز لیگی کردووە لە ساڵانی رابردوو سەلمێنەری بەهێزی مۆندیالی یانەکانە.

جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، دەبێت خۆشحاڵ بن بە گەیشتنیان بە قۆناغی 16 و ئامانجی دواتریان گەیشتنە بە قۆناغی چارەکی کۆتایی.

OSZAR »